ڤیدیۆکە دەنگدانەوەى لێکەوتەوە
بابا نوئێل دوو تۆمەتبارى مادەى هۆشبەرى دەستگیر کرد
964+
وریا فەتاح
پۆلیسى پیرۆ بە جلوبەرگى بابا نوئێلەوە، ئۆپەراسیۆنێکى بۆ دەستگیرکردنى دوو بازرگانى مادەى هۆشبەر ئەنجام دا و بڵاوبوونەوەى ڤیدیۆى ئۆپەراسیۆنەکەش، دەنگدانەوەى لێکەوتەوە.
بەپێى ئەو ڤیدیۆیەى، پۆلیسى نیشتمانیى پیرۆ بڵاوى کردووەتەوە، ئەفسەرێکی مادە هۆشبەرەکان بە جلوبەرگی بابا نوئێلەوە بەشداربووە لە ئۆپەراسیۆنێک کە بۆ دەستگیرکردنى دوو بازرگانى مادەى هۆشبەر لە نزیک ناوچەیەکى لیماى پایتەخت، ئەنجامدرابوو.
لە ڤیدیۆکەدا، دەردەکەوێت ئەفسەرەکە بە جلوبەرگی بابا نوئێل و کوتکێکەوە، ئەو دەرگایە دەشکێنێت کە مادەکانى تێدا شاردراونەتەوە.
بە پێى ئەوەى پۆلیس روونیکردووەتەوە، بۆیە ئەو سیناریۆیەیان داڕشتووە، بۆ ئەوە بووە کەس هەست نەکات و خەڵک سەرقاڵى بابا نوئێل بن.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، دوو کەس بە تۆمەتى فرۆشتنى کۆکاین و ماریجوانا دەستگیرکراون و ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویى کۆتایى هاتووە.