لەمەودوا تەماشاکردنی یارییەکانی زاخۆ بەلاش نییە

لە 500 دینار بۆ پێنج هەزار دینار

میدیازان – شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

یاریگای یانەی زاخۆ – میدیازان

یانەی وەرزشی زاخۆ بڕیاریدا لەمەودوا هەوادارەکانی بە پارە بچنە ناو یاریگاکەی بۆ تەماشاکردنی یارییەکانیان، دوای ئەوەی بۆ ماوەی 11 ساڵی رابردوو بەخۆڕایی بوو.

بڕیارە سبەی هەینی، کاتژمێر 7:30 ئێوارە، لە یاریگاکەی خۆی، یانەی زاخۆ میوانداری یانەی سەناعەی بەغداد بکات لە خولی نایابی عێراقی، بلیتەکانیش لە 500 دینار دەستپێدەکات بۆ پێنج هەزار دینار.

لەوبارەیەوە، دلژار عەدنان، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی زاخۆ بە میدیازانی وت، لە پاش 11 ساڵ، ئەوە یەکەمجارە ئامادەبوونی هاندەران بکرێت بە پارە و داهاتەکەی بۆ یانەکەیان دەبێت.

میدیازان دەزانێت نرخی بلیتەکان بەگوێرەی شوێنی دانیشتنەکان دەگۆڕێت، لە دەرگای ژمارە 1، نرخی بلیت 500 دینارە، لە دەرگای ژمارە 2، 3، 4، 5 و 6 نرخی بلیت هەزار دینارە، لە دەرگای 7، 8، 11 و 12، نرخی بلیت بە دوو هەزار دینارە، لە دەرگای 9 و 10 کە تایبەتین، نرخی بلیت پێنج هەزار دینارە.

یانەی زاخۆ و سەناعە دووەم یارییانە لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی عێراق، هەردوولایان لە یاری یەکەمیان دۆڕان، لەم ییارییەدا هەوڵی بردنەوە دەدەن لە یەکتری.