هەمووى دابارى
تا 10 رۆژى تر چاوەڕێى باران مەکەن
وریا فەتاح
سبەینێ دووشەممە، شەپۆلى باران بارین کۆتایى دێت و پێشبینییەکانیش دەڵێن: تا 10 رۆژى تر چاوەڕێى باران مەکەن.
بەپێى پێشبینییەکانى کەشناسى هەرێم، ئەمڕۆ، لەسەرجەم ناوچەکانى کوردستان باران بارین بەردەوام دەبێت و لە سنورى هەولێر لە شەودا بارانەکە زیاتر دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت.
لەبارەى کەشوهەواى سبەینێ دووشەممە، بەرەبەیانى نمە باران بەشێوەى پچڕ پچڕ بەردەوامى دەبێت، بەڵام لەدوانیوەڕۆوە ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور و کاریگەرى شەپۆلەکە کۆتایى دێت.
لاى خۆیەوە، ئاراس جەبار، شارەزاى بوارى کەشناسى، پێشبینى دەکات لە رۆژى سێشەممەوە بۆ ماوەى 10 رۆژ و زیاتریش، کەشوهەوا سەقامگیر دەبێت و ئاسمان ساماڵ بێت و بارانیش نەبارێت.
لە 24 کاتژمێرى رابردوودا، قەزاى مێرگەسوور 140.5 ملیمەتر باران باریوەو زۆرترینە، لە گوندى یاخسەمەرى سەر بە پارێزگاى سلێمانىیش 127.6 ملیمەتر باریوە و پلەى دووەمى گرتووە، لە دواى ئەوێش ناحیەى دینارتە دێت بە بڕى 122.7.
کەشناسى، پێشبینى دەکات پلەکانى گەرما لە سبەینێوە دوو بۆ چوار پلەى سلیزى بەرز ببنەوە، بەم شێوەیە:
هەولێر : 13 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 12 پلەى سیلیزى
دهۆک: 11 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 14 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 13 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 11 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 19 پلەى سیلیزى
حاج ئۆمەران: 1 پلەى سیلیزى
سۆران: 10 پلەى سیلیزى