لە 2022 تەنیا پێنج بەشە ئارد دابەشکراوە

+964

فەرمان سادق

لە ساڵی 2022، هاوڵاتیانی کوردستان تەنیا پێنج بەشە ئاردیان وەرگرتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە لە عێراق حەوت بەشە ئارد دابەشکراوە.

بەپێی بەدواداچوونێکی +964 دەرکەوتووە، لە کۆی 12 مانگ لە ساڵی 2022 دانیشتووانی هەرێمی کوردستان تەنیا پێنج بەشە ئاردیان وەرگرتووە .

بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق، دانیشتووانی ناوەڕاست و باشووری عێراق حەوت بەشە ئاردیان وەرگرتووە.

هەرچی پێوەندارە بە بەشە بایەعی، ئەوا دانیشتووانی سەرجەم عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، تەنیا 11 بەشە خۆراکیان وەرگرتووە.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی عێراق بە +964ـی وت “نووسراومان کردووە بۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق، داوای ئەو دوو بەشە ئاردەمان کردووە”.

لە ئێستادا وەزارەتی بازرگانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ دابەشکردنی بەشە ئاردی مانگی کانونی دووەمی 2023، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دابەش نەکردنی حەوت بەشە ئاردی هەرێمی کوردستان.

نەوزاد شێخ کامیل، هۆکاری دابەش نەکردنی ئەو بەشه ئاردانەی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی گەنمی پێویست، باسی لەوەشکرد کە ئەو ئاردەی نەهاتووە ئیدی نایەت و بە پارەش قەرەبووی خەڵک ناکرێتەوە.

جێی باسە ساڵانە حکومەتی عێراق بودجە بۆ کڕینی بەشە خۆراک و ئارد دابین دەکات، بەڵام هیچ ساڵێک هاوڵاتییان هەر 12 بەشە خۆراکەکەی وەرنەگرتووە.