رێنمایی گرنگ بخوێنەرەوە

لە کاتی رووداوی کتوپڕدا چی دەکەیت؟

964+

پێشەوا محەمەد

تەندروستی سلێمانی هاوڵاتیان هۆشیار دەکاتەوە بەوەی لە کاتی رووداوەکاندا نەشڵەژێن و راستەوخۆ تیمەکانی فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە ژمارە 122 ئاگادار بکەنەوە، کە 24 کاتژمێر بەردەستە.

“تیمەكانی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی هەموو كەرەستەیەكی پێویست و یاریدەدەری پزیشكیان لەگەڵدایە، كە راهێنانی تەواویان ئەنجامداوە و بەپێی بنەما زانستییەكانی فریاگوزاری خێرای تەندروستی جیهانی كاردەكەن”، ئەوە قسەی سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانییە بۆ 964.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، پێویستە هاوڵاتی لە کاتی رووداوەکاندا زانیاریی کورت و پووخت بە فریاکەوتنی خێرا بدات، بە وردی دەستنیشانی شوێنەکە بۆ تیمەکە بکرێت و جۆری حاڵەتەکەش بگەیەنێت، هەروەها ئەوەش ئاشکرا بکات رووداوەکە چەند کوژراو و برینداری تێدایە، جگە لەوەش بە پێویستی دەزانێت ئەو کەسەی هەواڵیان دەداتێ شوێنەکە جێنەهێڵێت تا پەیوەندی پێوە دەکرێت و زانیاریی هەڵەش نەدات.

بەڕێوەبەری فریاکەوتنی سلێمانی رێنمایی هاوڵاتیانیش دەکات، کە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان نەخۆش نەگوازنەوە چونکە مەترسیدارە تا ئەمبوڵانسی دەگاتێ، کاتێک کەسێکیشی دەبوورێتەوە پێویستە دەمی نەخۆش بکرێتەوە و چەناگەی بەرز بکرێتەوە و بخرێتە سەر لا بۆ ئەوەی نەخنکێت.

ئەم رێنماییانەی بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی لەکاتێکدایە، بەرەو پشووەکانی سەری ساڵ دەڕۆین و ئەگەری زۆربوونی رووداوەکان لە ئارادایە.

دەوامی کارمەندانی تەندروستی سلێمانی کەمکرایەوە

دەوامی کارمەندانی تەندروستی سلێمانی کەمکرایەوە