کەسێک بەسوکى بریندارە
لە سلێمانى باڵەخانەیەکى نیشتەجێبون سوتا
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، ئاگر لە باڵەخانەیەکى نیشتەجێبونى گەڕەکی کوردساتى سلێمانی کەوتەوە، بەڵام هەرزوو لەلایەن تیمەکانى بەرگرى شارستانییەوە کۆنتڕۆڵکرا.
رائید ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە 964 وت،” ئاگرەکە لە نهۆمی یەکەمی باڵەخانەکە کەوتووەتەوە و مالێک سوتاوە.
باسی لەوەکرد، تیمەکانی بەرگری شارستانی توانیویانە دەستبەجێ بگەنە شوێنەکە و بەرلەوەى ئاگرەکە تەشەنەبکات بۆ نهۆمەکانى دیکە، کۆنتڕۆڵى بکەن.
“بەهۆى روداوەکەوە بەشێکى زۆرى ئەو ماڵە سوتاوە کە ئاگرەکەى تێدا دروستبووە، بەڵام تائێستا نازانرێت هۆکارى ئاگرەکە لە چییەوە بووە”، ئارام عەلى واى وت.
بەوتەى وتەبیژى بەرگرى شارستانى سلێمانى، زیانى گیانى لە روداوەکە نەکەوتووەتەوە، تەنها ئەوە نەبێت پیاوى ماڵەکە لە کاتى دروستبونى ئاگرەکە، بۆکسێکى لە شوشەى پەنجەرەکە داوە و بە سوکى بریندار بووە.