بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار

رێگای چوار گوندی کۆیە قیرتاو دەکرێت

964+

توانا نەقی

بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار دەست کرا بە قیرتاوکردنی رێگای چوار گوند لە سنووری قەزای کۆیە.

ئەمڕۆ هەینی پارێزگاری هەولێر بڵاویکردەوە، رێگای ئەو گوندانە لەسەر بودجەی حکومەت و بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی کۆیە بە شێوەی بەڵێندەرایەتی جێبەجێدەکرێت.

گوندەکان سەر بە ناحیەی ئاشتین و پێکهاتوون لە گوندەکانی بانی گوڵان، سورەقەڵا، پێبازۆک و دۆندار.

بە درێژایی چوار کیلۆمەتر و بە گوژمەی دوو ملیار و 200 ملیۆن دینار پرۆژەی قیرتاوکردنەکە دەکرێت.

پارێزگای هەولێر دەشڵێت، پرۆژەکە جگە لە قیرتاوکردن و بڕین و دروستکردنی ئاوبەری لولەیی و تێکەڵەرێژکردنی تێدایە، بە تەواوکردنیشی جگە لە چارەسەرکردنی گرفتی هاتوچۆ سوودی بۆ کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری و ئاوەدانکردنوەی گوندەکان هەیە.