هۆکاری چیە؟

ئاوارەکانی پارێزگای سلێمانی بە نیاز نین بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

حکومەتی عێراق بڕیاریداوە تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو کەمپەکان دابخات و دەیەوێت لە پارێزگای سلێمانی یەکە بە یەکە هەموو کەمپەکان دابخات، بەڵام بەشێک لە ئاوارەکان ناگەڕێنەوە زێدی خۆیان و دەگوازرێنەوە کەمپی دیکە.

عامر عادل لێپرسراوی کەمپی ئاشتی بە 964ی وت، لەماوەی رابردوودا هەریەک لە کەمپەکانی قۆرەتوو لە گەرمیان و کەمپی عەربەت داخران، بەشێکی خێزانەکانی کەمپی عەربەت نەیانویست بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و گواستراونەتەوە بۆ کەمپی ئاشتی.

بەوتەی لێپرسراوی کەمپی ئاشتی، تەنیا 25 خێزان لە کەمپی عەربەت گەڕاونەتەوە پارێزگای سەڵاحەدین، 202 خێزانیان گواستراونەتەوە کەمپی ئاشتی، زۆربەی ئەو خێزانانە هۆکاری نەگەڕانەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سیاسی لە ناوچەکانیان.

کەمپی ئاشتی دەکەوێتە پارێزگای سلێمانی، 883 خێزان لێی نیشتەجێن، لەو ژمارەیە نۆ هەزار و 175 کەس دەژین.

ئەگەرچی لەماوەی رابردوودا حکومەتی عێراق بڕیاری داخستنی یەکجارەکی کەمپەکانی داوە، بەڵام جێبەجێ نەکراون.

دوێنێ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی عێراق رایگەیاند، وەجبەی 32ی هاوکاری بەسەر خێزانە گەڕاوەکان دابەشکردووە، کە ملیۆن و نیوێک دینارە و هەشت هەزار و 536 خێزان  لێی سوودمەند دەبن.