ئیدارەی گەرمیان بڕیاری لێ نەداوە

کارگەکانی چەو و لمی سیروان نیەتی دەستپێکردنەوەی کارکردنیان هەیە


ئەحمەد مستەفا

مامۆستایەکی زانکۆی گەرمیان کەمپینێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک راگەیاندووە و نیگەرانە لە نیەتی دەستپێکردنەوەی کاری کارگەکانی سەر رووباری سیروان کە ژمارەیان زیاتر لە 30 کارگەیە.

هیوا رەشید، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان کەمپینێکی لە فەیسبووکەکەی خۆیەوە دەستپێکردووە و دەڵێت، لە ماوەی چەند ساڵانی رابردوودا کارگەکانی چەو و لم، بوونەتە هۆکاری پێشێلکاری ژینگەیی لە سەر رووباری سیروان.

بەوتەی ئەو بێت، کاری ئەو کارگانە ببوو بە هۆکاری، تێکدانی رێڕەوی سروشتی و کوالێتی ئاوی رووبارەکە، هەڵکەندن و سوتاندن و بڕینەوەی دارستان و سەوزایی کەنارەکانی و راوەدوونانی ئاژەڵ و باڵندە و هەمەچەشنی زیندەوەران تێیدا.

چۆمان ئەحمەد وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە 964ی وت، “تاوەکو ئێستا بڕیار نییە ئەو کارگانە دەست بەکاربکەنەوە، بەڵام بابەتێکە قابیلی پێداچوونەوەیە، بە جۆرێک لەگەڵ سروشتی ناوچەکە و ژینگەی سیروان بگونجێ”.

ماوەی دوو ساڵە، ئیدارەی گەرمیان کاری کارگەکانی راگرتووە، بەڵام بەوتەی وتەبێژەکەی بێت، بەهۆکاری جیاواز داواکاری هەیە بۆ ئەوەی کاری ئەو کارگانە دەستپێبکاتەوە.

تۆڕی 964 دەزانێت ئەو چەو و لمەی لەناوخۆی گەرمیان هەیە بەشی پێویستی ناوچەیەک ناکات.