دڵی بۆ وەزعی خۆی و خەڵکی کوردستان پڕە
یونس حەمەكاكە تەمەنی هەڵکشاوە و تەندروستی باش نییە
رازاو محەمەد – سلێمانی
هونەرمەند و ئەکتەری دیاری کوردستان یونس حەمەكاكە تەمەنی هەڵکشاوە و تەندروستیشی باش نییە، سەرباری وەزعی خۆی دڵی بۆ خەڵکی کوردستان پڕە و دەڵێت، خوا روحم بەو میللەتە بکات.
لەناو بازاڕی سلێمانی یونس حەمەكاكە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “دوو رۆژە دەچم بۆ موچە، هێشتا نەمتوانیوە وەریگرم، ئەمڕۆ پێیانوتم، کارتەکەت کێشەی هەیە و تەنیا 15 هەزار دیناری تێدایە، بڕۆ دوو سێ رۆژی تر بۆت چارەسەر دەکەین”.
ئەو هونەرمەندە دڵناسکە بەزەیی بەو خەڵکەدا دێتەوە کە لە سەرەی وەرگرتنی موچە بە سەعات ماتڵ دەبن و بەگریانەوە دەڵێت، “ئەو خەڵکە دەبینم لە ریزی مەعاشدا، خەریکبوو ئاگرم تێبەربێ، پالیان بە پیرەمێردێکەوە نا، سەری دای بە عەرزدا”.
یونس حەمەكاكە لەلایەک بۆ وەزعی ئەو خەڵکە دڵی پڕە و لەلایەکی دیکەوە وەک خۆی دەڵێت، توانای نەماوە و ئەو فرمێسکانەی بۆ کارە هونەرییەکانیەتی.
یونس حەمەكاكە یەکێکە لە هونەرمەندە دیارەکانی کوردستان و بەشداری چەندین فیلم و درامای کردووە و لەوانەش، مەمی ئالان، کۆشکی هەنار و درامای ئارەزوو.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری