لێدانی بیر لە گوندێکی ناحیەی ئاشتی. وێنە:964+
لە ناحیەی ئاشتی
لێدانی چوار بیری ئاوی خواردنەوە گوندەکان لە چۆڵ بوون رزگار دەکات
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
چەند گوندێک لە ناحیەی ئاشتی بەهۆی وشکبوونی سەرچاوەی ئاو هەڕەشەی چۆڵ بوونیان لەسەرە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی ناحیە چوار گوندی لە کێشەی کەمئاوی رزگار کردووە و چواری دیکەشیان کێشەی وشکبوونی بیرەکانیان هەیە.
هەڵگورد عەبدوڵا بەرێوەبەری ناحیە ئاشتی بە 964ی وت، “تا ئێستا حەوت بیر لێدراوە، بەڵام تەنیا چوار بیریان گەیشتووتە ئاو، لە هەوڵداین لە شوێنی دیکەی گوندەکە بیریان بۆ لێبدەین، چەند گوندێکی دیکە داوایان کردووە بیریان بۆ لێ بدرێت، بەشێوەی کاتی بە تانکەر ئاویان پێ دەگەیەنین”.
بەوتەی بەرێوەبەری ناحیە ئاشتی بەگشتی لە گوندەکانی ناحیەی ئاشتی لە 130 بۆ 150 مەتر قوڵایی ئینجا دەگاتە ئاو، لە هەندێ شوێنی دیکە تا 200 مەتر دەڕوات، لە رابردوو بەهۆی کێشەی کەمئاوییە بەشێک لە گوندەکان هەڕەشەی چۆڵ بوونیان لەسەر بووە.
بەگوێرەی زانیاریەکانی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی ئاشتی کە بە 964 دراوە، ئەو چوار بیرەی لێدراوە لە هەریەکە لە گوندەکانی کانی سوور، کانی کوردە، قازبەگیان و ئیلەڵان بوون، لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر 135 ملیۆن دیناری بۆ خەرجکراوە و 72 ماڵ لێی سوودمەند بوون.
ناحیەی ئاشتی سەر بەقەزای کۆیەیە لە پارێزگای هەولێر لەو سنوورە 23 گوند هەن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی