پاککردنەوەی چەمی زەڵم
لە خورماڵ
ژینگەپارێزەکان چەمی زەڵم-یان پاککردەوە
ئەحمەد مستەفا
هەرچی خۆڵ و پیسی هەیە لە چەمی زەڵم لابران و شارەوانی خورماڵ دەڵێ، لەگەڵ کۆمپانیای بیڤان هەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوەیان لە چەمەکە ئەنجامداوە و دوو رۆژیان پێ چووە.
هەڵمەتەکە، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی ژینگە و راگرتنی خاوێنکاریی ناوچەکە بووە.
سەرۆکایەتی شارەوانی خورماڵ بە هاوکاری لەگەڵ کارمەندانی کۆمپانیای پاککەرەوەی ناوچەکە هەڵمەتەکەیان ئەنجامداوە، کۆمپانیای بیڤان ئاماژەی بەوە کردووە کە کارمەندانیان رۆژانە بە شێوەیەکی ئاسایی سەردانی کۆڵانەکانی ناوشار، گوندەکان، و شوێنە گشتی و گەشتیارییەکان دەکەن بۆ کۆکردنەوەی ماڵ بە ماڵی پاشماوەکان.
داوای لە هاوڵاتییان و گەشتیاران کرد هاوکار بن لە سەرخستنی ئەم هەوڵانەدا، ئەوەش لە رێگەی، دانانی پاشماوەکان لە بەر دەرگای ماڵان، بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ تیمەکانی کۆمپانیا تا لە زووترین کاتدا کۆیان بکەنەوە.
هەروەک پاراستنی رەنجی ژینگەپارێزان، بە دوورکەوتنەوە لە فڕێدانی خاشاک لە شوێنە گشتییەکاندا بۆ ئەوەی ئەرکی سەرشانی کارمەندان و ژینگەپارێزان قورستر نەکرێت.