حاسڵاتی رووداوەکانی ئەمڕۆ
ئیسرائیل دەڵێت لوبنان لە مەترسیدایە
ژووری هەوال
سوپای ئیسرائیل لێکۆڵینەوە لەو ڤیدیۆیانە دەکات کە لە کامێرای سەر پشتی سەگێکی پۆلیسییەوە دەستی کەوتووە، وێنەی ئەو کاتە تۆمارکراوە کە سێ دیلە ئیسرائیلییەکە دەکوژرێن، بەڵام حەماس سەگەکەشیان کوشتووە.
رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی دەڵێت: بۆ ئەوەی ناوچەیەکی دابڕێندراو لە باکوری غەزە دروست بکەن، سوپای ئیسرائیل رۆژانە 40 ماڵ و باڵەخانە دەڕوخێنن.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند لەچەند رۆژی داهاتوودا بازنەی هێرشە وشکانییەکەیان فراوان دەبێت و چەند ناوچەیەکی دیکەی غەزەش دەگرێتەوە.
حوسییەکانی یەمەن دەڵێن لەمەودوا تەنیا رێ لە کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور ناگرن، بەڵکوئیتر هێرش دەکەنە سەر کەشتییە سەربازییە ئەمریکییەکانیش.
میدیاکانی میسر دەڵێن: وەفدێکی باڵای حەماس بە سەرکردایەتی ئیسماعیل هەنیە گەیشتووەتە میسرو لە ئاسۆدا ئەگەری ئەنجامدانی رێکەوتن و ئاگربەست هەیە لەگەڵ ئیسرائیل.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت: حیزبوڵا وادەکات لوبنان رووبررووی مەترسییەکی گەورە ببێتەوە، چونکە ئیتر لەوە زیاتر بێدەنگ نابین.