کارمەندانی بەشی باخچەکانی شارەوانیی حاجیاوا لە کاتی روواندنی دارەکاندا - وێنە: شارەوانیی حاجیاوا
150 داری تێدا رووێندراوە
لە حاجیاوا دووسایدی سەنتەری گەنجان بۆ کفرەدۆڵ سەوز دەکرێت
پێشەوا محەمەد
بەشی باخچەکانی شارەوانی ناحیەی حاجیاوا 150 داری لە دووسایدی سەنتەری گەنجان بۆ کفرەدۆڵ روواندووە و بڕیارە نەمامی زیاتری تێدا بچێندرێت.
درێژیی دووساییدەکە کەمتر لە کیلۆمەترێکە و دارەکان زۆرینەیان سنەوبەر بوون.
هیوا عەبدوڵا، ئەندازیار لە بەشی باخچەکانی شارەوانیی حاجیاوا بە 964ـی راگەیاند، دارەکان لە نەمامگەی دوکان وەرگیراون و بڕیار وایە نەمامی زیاتر لەو دووسایدە بچێندرێت.
وتیشی، “ئێستا دووسایدەکە ئاوی نییە، بەڵام ئاوی لێوە نزیکە و بە ملیۆنێک دینار بۆی دەپەڕێنینەوە و کێشەی ئاوی نابێت”.
لەناو سەنتەری ناحیەی حاجیاوا نزیکەی 26 باخچە و پارکێکی خێزانی هەیە و رێژەی سەوزایی تێیدا نزیکەی 9%ـیە.
“پڕۆژەکانی زیادکردنی سەوزایی لە سنوورەکەمان بەردەوام دەبن و بەردەوامییان دەبێت بۆ زیاترکردنی رێژەی سەوزایی”، ئەوەش قسەی هیوا عەبدوڵایە.
ناحیەی حاجیاوا دەکەوێتە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و لە سنوری پارێزگای سلێمانیدایە.