لەوێ کەشەکە فێنگە
ئەم گەرمایە بەس سەیرانگاى سیپە دەرەقەتى دێت
میلاد جەلال- ئاکرێ
کەشەکە تا بڵێى گەرمە و پلەکانى گەرما لە زۆربەى ناوچەکانى کوردستان 40 تا 47 پلەى سیلیزییە، بەڵام لە سەیرانگە و تاڤگەى سیپە لە ئاکرێ، کەشەکە شتێکى ترە، دیمەنى جوان و بوونى تاڤگەیەکى سەرنجڕاکێش، جەوەکەى فێنک کردووە.
لەم کاتى گەرمایەى چلەى هاوینە، سەیرانگەى سیپە لە ئاکرێ، بووەتە شوێنى گەشت و فێنککردنەوەى گەشتیاران و رۆژانە بە سەدان گەشتیارى ناوخۆیى و دەرەکى رووى لێدەکەن.
سەیرانگاکە لە قەزاى ئاکرێیە و بوونى تاڤگەیەکى جوانى کە لە سەرچاوەى ئاوى کانى زەرگەوە سەرچاوە دەگرێت، کەشێکى بە دڵى گەشتیاران سازکردووە.
سەیرانگەی سیپە، دەکەوێتە نێو قەزای ئاکرێ. ئاوی تاڤگەی سیپە لە(كانی زەرگ)ـەوە سەرچاوە دەگرێت، هەر وەرزە و جوانییەکی تایبەت بەخۆی هەیە، ئەو گەشتیارانەی لە وەرزی پاییز سەردانی دەکەن چێژ لە دیمەنی ناوازە و رەنگینی سرووشتی تاڤگەکە وەردەگرن.
مێڤان ئاکرێی کە گەنجێکی تەمەن 31 ساڵە دەڵێت: “هەموو ئێوارەیەک سەردانی ئەو تاڤگەیە دەکەم، جگە لە خەڵکی ئاکرێ رۆژانە گەشتیارێکی زۆر لە هەموو شارەکانی کوردستان و عێراق سەردانی دەکەن، هەڵبەتە گەشتیاران جیا لەوەی چێژ لە دیمەنە جوانەکانی ئەم تاڤگەیە دەبینن، هاوکات هۆگری خواردنی کوردەواری و قەلیە و برنجی کوردیی ئاکرێ بوون و بەبێ خواردنی ئەمانە ناگەڕێنەوە”.
مێڤان ئاکرێی گلەیی لەبچووکی شوێنەکە هەیە و دەڵێت” ئەگەر حکومەت شوێنەکەی تاڤگەی سیپە فراوانتر بکات، خەڵکی ناوچەکە زیاتر سوودمەند دەبن و گەشتیارانیش زیاتر چێژ لە سەیرانگەی سیپە دەبینن”.
سەیرانگاکە لە هەموو وەرزێکدا جوانى و سەرنجراکێشى خۆى هەیە، بەڵام بۆ ئەم وەرزى هاوین و گەرمایە، شوێنێکى یەکاویەکە بۆ دەربازبوون لە گەرما.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح