بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیاکان کرانەوە

ناوی پیشەکەت تۆمار نەکەیت یەکێکی دیکە دەیبات


ئەحمەد مستەفا

قایمقامیەتی رانیە داوا لە سەرجەم پیشەوەرانی ئیدارەکەی دەکات، سەردانی بەرێوەبەرایەتیی کۆمپانیاکانی سلێمانی بکەن بۆ دەستەبەرکردنی ناوی بازرگانیی خۆیان.

ئێستا لە سەرجەم پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک بەرێوەبەرایەتیی کۆمپانیاکان کراوەتەوە، هەموو خاوەن پیشەیەک دەتوانێ، “ناوی بازرگانی خۆی تۆمار بکات”.

لە راگەیەندراوێکدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 13.12.2023 قایمقامیەتی رانیە بڵاویکردووەتەوە و 964 بینیویەتی دەڵێت، “پیشەوەر و بازرگانان تا شوێنکارەکەیان دەستەبەر بکەن، بۆ ئەوەی هاوڵاتییەکی دیکە نەتوانێت ناوی بازرگانی هاوشێوەی کار و پیشەکەت دەستەبەر بکات، پێویستە سەرجەم پیشەوەر و بازرگانان بچن بۆ تۆمارکردنی ناوی پیشەکەیان”.

ئاماژەی بەوەش کردووە، “هاوڵاتی با چەند ساڵێک خاوەنی ناوی پیشەیەک بێت، ئەگەر لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیاکان ناوی پیشەکەی تۆمار نەکردبێت، ماف و خاوەندارێتی بۆ ئەو هاوڵاتییە دەبێت، کە زووتر ناوی بازرگانی دەستەبەر کردووە، بۆیە دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیاکانی سلێمانی بکەن بۆ دەستەبەرکردنی ناوی بازرگانی خۆتان”.