بیرمەند و رەخنەگرێکی دیاری ئێرانە
ئێران “سادق زیبا کەلام”ی دەستگیرکرد چونکە هۆشداری بۆ روخانی رژێم دابوو
فەرهاد حەسەن
دەسەڵاتدارانی ئێران سادق زیبا کەلامیان دەستگیرکرد، چونکە لە چاوپێکەوتنێکدا هۆشداری دابوو کە رووخانی رژێمی کۆماری ئیسلامی دەبێتە هۆی دروستبوونی ململانێی نەتەوەیی و مەزهەبی.
زیبا کەلام، نوسەر و بیرمەندی ناسراوی ئێرانی، یەکێکە لە رەخنەگرە ناودارەکان لە هەردوو سەردەمی پاشایەتی و کۆمارییدا زیندانی سیاسی بووە.
سادق زیبا کەلام، لای کوردیش ناوێكی تازە و نامۆ نییە، چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئەگەر بیرتان بێت لە ساڵی 2022 لە زانکۆی سەڵاحەدین لە کۆنفڕانسێکدا قسەی کردو وتی “بونیادنانی باڵەخانە و ئاوەدانی لەهەرێمی کوردستان بە تەنیا دەستکەوت نین، چونکە ئەمانە لە سایەی عێراقیشدا دەکرا بەدیبێن، ئەرکی راستەقینەی سەرشانی رێبەرانی کورد، پاراستن و گواستنەوەی میراتی خەبات و بەها نەتەوەییەکانە بۆ نەوەی نوێ”.
بەثێی راپۆرتێكی ماڵپەری (ئێران ئینتەرناشناڵ) ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردەوە كە دەسەڵاتدارانی ئێران سادق زیباکەلام، نوسەر و ڕۆژنامەنوسی ناسراوی وڵاتەكەیان دەستگیرکردووە، ئەویش دوای ئەوەی لە چاوپێکەوتنێکدا بە وردی باسی لە لێکەوتەکانی ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی کردبوو.
لەوەتەی ئەو جەنگە لەبەرامبەر وڵاتەکەی بەڕیوەدەچێت، زیباکەلام زۆرجاران قسەی خۆی کردووە، لەوانەش هۆشدارییەکی توندی دابوو، کە رووخانی رژێمی ئێستا لە ئێران دەبێتە هۆی دروستبونی پشێوی و هەڵگیرسانی ململانێی چینایەتی، نەتەوەیی و مەزهەبی لە ناوخۆی وڵاتدا.
وتبووشی، رەنگە وڵاتانی کەنداو ئەو دۆخە بقۆزنەوە بۆ بێبەشکردنی ئێران لە سامانی نەوت و گازی باشوری وڵاتەکە، کە چەقی سەرچاوە سروشتییەکانی ئەو وڵاتەیە.