داهاتى ناوخۆ 70% کەمیى کردووە

ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەغدا: لێکتێگەیشتنی مانگی 4ـی تایبەت بە ئەسیکۆدا پەسەند بکەن

964+
وریا فەتاح

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا لە ئەنجومەنی وەزاریی فیدڕاڵ بۆ کاروباری ئابووریی دەکات، لە نزیکترین دەرفەتدا ئەو لێکتێگەیشتنە پەسەند بکات کە مانگی 4ـی ئەمساڵ لە نێوان هەردوو لا بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی گومرگیی ئەسیکۆدا واژۆ کراوە، بۆ ئەوەی جوڵەی بازرگانی و داهاتی دەروازەکان زیاد بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 10.6.2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و تێیدا ئاشکرا کرا، بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و یەکلایینەبوونەوەی دۆسیەی ئەسیکۆدا، داهاتی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـی هەرێم بەراورد بە ساڵی 2025، بە رێژەی زیاتر لە 70%دابەزیوە.

بەهۆی ئەو دابەزینە بەرچاوەی داهاتەوە، ئەنجومەنی وەزیران داوای لە حکومەتی فیدراڵ کردووە پێداچوونەوە بکات بە بڕی ئەو 120 ملیار دینارەی مانگانە وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵ لەسەر هەرێم دیاریکراوە.

سەبارەت بە دۆسیەی نەوت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان راسپێردرا رێکارەکان خێراتر بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، هەروەها داوا لە کۆمپانیا نەوتییەکان کرا لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بکەنەوە، بەتایبەت کە بەغدا دڵنیایی داوە بۆ پاراستنی کەرتی وزەی هەرێم و قەرەبووکردنەوەی زیانی هەر هێرشێک.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پێشنیارێک پەسەند کرا و ئاراستەی بەغدا دەکرێت، بۆ پێکهێنانی “دەستەیەکی باڵای وەزاریی هاوئاهەنگیی هەمیشەیی” لە نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ ئەوەی کێشەکان بە شێوەیەکی دامەزراوەیی چارەسەر بکرێن.