حاسڵاتی ئەمڕۆ
بایدن لەگەڵ ناتەنیاهۆ ناکۆکە
964+
ژووری هەواڵ
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان دەڵێن پێشنیارێک خراوەتە بەردەستی حکومەتی ئیسرائیل بۆ ئاڵوگۆڕی ژمارەیەکی دیکە لە دیلەکان، بەڵام هێشتا ئیسرائیل رەزامەندی نەنواندووە، ئیسرائیل دەڵێت 137 دیلی لەلای حەماس ماون.
لەکۆبوونەوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک لە جووەکانی ئەمریکا، بایدن دانی بەوەدا نا کە لەگەڵ ناتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ناکۆکەو لەسەر وێنەیەکی هەردووکیان نوسیوێتی: خۆشم دەوێیت، بەڵام لەگەڵتدا هاوڕا نیم.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە: لەناوچەیەکەوە کە حوسییەکان لەسەری باڵادەستن، موشەکێک ئاڕاستەی کەشتییەکی بارهەڵگر کراوەو زیانی پێگەیاندووە.
وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل دەڵێت: چەکدارانی حەماس لە غەزە نزیکن لە تێکشکان و توانای بەرگرییان نەماوە، حەماسیش رەتی دەکاتەوەو دەڵێت رێمان لە پێشڕەوی ئیسرائیل گرتووە.
میدیاکانی فەلەستین دەڵێن: سوپای ئیسرائیل هەڵمەتێکی فراوانی رەشبگیری لەباکوری رەمەڵا دەست پێکردووەو لە دوێنێ شەوەوە دەیان کەس بە هۆکاری جیاواز دەستگیر کراون.
رۆژنامەی هائارێستی ئیسرائیلی رایگەیاند ژمارەی بریندارانی سوپای ئیسرائیل گەیشتووەتە 4591 کەس، ئەمەش زۆر زیاترە لە ژمارە راگەیەندراوەکەی سوپا کە وتبووی 1539 سەربازیان بریندارە.