نایانەوێ بچنە سالۆنی ژنان
لە سلێمانی ئارایشتگایەك تەنیا كار بۆ منداڵان دەكات
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
خاتوونێك لە كارێكی جیاوازدا، ئارایشتگایەكی تایبەت بە كچانی خوار تەمەن 13 ساڵ کردووەتەوە و دەڵێت، بیرۆكەی ئیشەكەی لە پێویستی منداڵەكەی بە شوێنێكی لەو جۆرە بۆ هاتووە.
خەڵات خاوەنی ئارایشتگاكە بە 964ی وت، “بوونی ئارایشتگایەكی لەم جۆرە بۆ كچان پێویستە، بۆ ئەوەی تێكەڵی ژینگەی ناو ئارایشتگای گەورەكان نەبن و گوێبیستی ئەو قسانە نەبن كە بۆ ئەوان شیاو نییە”.
“بیرۆكەی كارەكە و شوێنەكەش لای دایكان پەسەندە و زۆرجار منداڵەكانیان لامان جێدەهێڵن و دەچنە سەركاری خۆیان، ئەوان متمانەیان بە شوێن و كارەكەشمان هەیە”، خەڵات وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئارایشتگاكەدا هیچ جۆرە مەیكەپ و مەوادی كیمیایی بەكارناهێنرێت، تەنیا قژ بڕین، ریكخستنی ستایلی قژ بۆ بۆنەكانیان، جلوبەرگی شازادەكان و دانانی نینۆكیان بۆ دەكرێت.
وەك ئەو وەستایە باسی دەکات، بەبۆنەی جەژنەوە نۆرەگرتنی هەفتەیەك لەمەو پێشیان هەبووە، بۆیە بە ناونوسین كاریان بۆ دەكرێت تاوەكو گرنگی تەواو بە منداڵان بدەن.
پێداچوونەوە؛ ژێوار خدر