"بۆ ئەوەیە بایکۆت نەکەن"

دەوامی کارمەندانی تەندروستی سلێمانی کەمکرایەوە

پێشەوا محەمەد

ماوەی دوو رۆژە دەستکاری خشتەی دەوامی سەرجەم کارمەندانی تەندروستی کراوە لە سنووری سلێمانی، تەندروستی شارەکە دەڵێت، بۆ ئەوەیە بایکۆتی کەرتەکە نەکرێت.

لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین تا ئێستا مامۆستایان بایکۆتی ساڵی نوێی خوێندنیان کردووە و بەرپرسانی تەندروستیش ترسیان هەیە بەهۆی خراپی دابەشکردنی موچەوە کارمەندانی تەندروستیش دەوام نەکەن و بچنە سەر شەقامەکان.

نیاز ئەحمەد، کارمەندی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بە 964ـی وت، دوو رۆژە خشتەی نوێێ دەوام داندراوە و هەر کارمەندە و هەفتانە دوو رۆژ دەوامی بەردەکەوێت.

پێشتر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن کەرتی تەندروستی بایکۆت نەکات و لە خزمەتکردنی هاوڵاتیان بەردەوام بن.

سەرچاوەیەک لە تەندروستی سلێمانی، کە نەیویست ناوی بهێنرێت بە 964ـی وت، “کەمکردنەوەی دەوام بۆ ئەوەیە کارمەندانی تەندروستی بایکۆت نەکەن و ئەگەر کەمیش بێت دەوامەکە بکەن تا کەرتەکە پەکی نەکەوێت”.