600 هەلی کار دەڕەخسێنن

لە دهۆک زەوی بۆ 20 کارگە دابین دەکرێت

پێشەوا محەمەد

وەبەرهێنانی دهۆک رەزامەندی لەسەر پێدانی زەوی داوە بە 20 کارگە و بەڕێوەبەرەکەشی دەڵێت، بەشێک لە زەوییەکان لە ناوچەی پیشەسازین و بەشێکیان لە دەوروبەری دهۆک دەبن.

کارگەکان بریتین لە بەرهەمهێنانی نایلۆن، زەیت، کارگەی دارتاشی، ئاسنگەری، کەلوپەلی پزیشکی، پلاستیک، قیری شل،

تانکی پلاستیکی، سیرامیک، کاربۆناتی کالسیۆم، گەچ و کلێنس و چەند کارگەیەکی دیکە.

هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری وبەەرهێنانی دهۆک بە 964ـی راگەیاند، گفتوگۆیەکی زۆر لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا و دواجار بڕیاری دابینکردنی ئەو زەوییانە دراوە، کە بەشێکیان لەناو ناوچەی پیشەسازین و بەشێکیان لە دەوروبەری دهۆک دابین دەکرێن.

وتیشی، “لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەو کارگانە 600 هەلی کار دەڕەخسێنن و پێویستە 75%ـی دەستی کاریان ناوخۆیی بێت بە پێی کارنامەی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم”.

بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی دهۆک، لە کابینەی نۆدا بە بڕی 900 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان کراوە.