"خاوەن دوکانەکان عارەبانەیان هەیە"
شارەوانیی قەڵادزێ: بازاڕ رێکدەخەینەوە و کەسمان بێکار نەکردووە
964+
محەمەد عەلی – قەڵادزێ
نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە لەدایکبوون و منداڵان لە قەڵادزێ دەکرێتەوە
شارەوانی قەڵادزێ وەک سەرۆکەکەی دەڵێت دەیانەوێت بازاڕ رێکبخەنەوە و بەشێک لە عارەبانەکانی بازاڕی ژنان دەگوازنەوە، بەڵام ئەوە ناڕەزایەتیی عارەبانچییەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
شارەوانی بەنیازە شوێنێک لەناوبازاڕ بدات بە عارەبانچییەکان، بەڵام تا ئێستا ئەو شوێنە دیاری نەکراوە و نەگوازراونەتەوە.
بە وتەی ئەحمەد محەمەد، کە یەکێکە لەو دەستگێڕانەی ئەو بازاڕە بە 964ـی وت، “ئێمە لەو بازاڕەدا چەند ساڵە هیچ کێشەمان نەبووە، ماوەی چەند رۆژێکە شارەوانی هاتووە ئەو مێزانەی ئێمە شتی لەسەر دەفرۆشین پێمان دێننە ناوەڕاستی جادەکە، دەڵێ جێگاتان گرتووە و ئێمە شوێنتان بۆدیاری دەکەین، زۆرێک لە کاسپکارانیش نیگەرانن”.
شارەوانی دەڵێت ئەو عارەبانچی و دەزگێڕانە سیمایەکی ناشیرینیان بە بازاڕ داوە.
ئارام محەمەد، سەرۆکی شارەوانیی قەڵادزێ بە 964ـی وت،”ئێمە هیچ کەسێکمان بێکار نەکردووە، ئەوەی دەکرێت لە قازانجی هاوڵاتیاندایە، چەند پارکێکی لێیە و بەردەمی پارکەکانیان گرتووە و رێگا نەبوو هاوڵاتیان بچنە ناویانەوە و بە ئیسراحەت دابنیشن”.
وتیشی، “کەسمان بیکار نەکردووە، زۆرینەی دوکاندارەکان خۆیان خاوەنی عارەبانەن، بۆیە پێویست ناکات جێگای بۆ بکەینەوە و رێگا بەو کەسانە نادرێت”.
964 دەزانێت رێکخستنەوەکە بازاڕی شێخەڵاش دەگرێتەوە، کە کۆمەڵێک عارەبانەی چەتر لەسەر داندراون و شارەوانی دەڵێت سیمای بازاڕەکەیان تێکداوە.
“ئەوانەی بژێویی ژیانیان لەسەر ئەم کارەیە، بنکەی پۆلیسی شارەوانیم راسپاردووە، لە بازاڕەکەدا رێکیان دەخەنەوە و جێگای هەموویان بکەنەوە بە شێوازێکی جوان بۆ ئەوای بازاڕەکە سیمایەکی جوانی هەبێت و کارئاسانی تەواویش هەبێت بۆ هاوڵاتیان”، ئەوەش قسەی سەرۆکی شارەوانیی قەڵادزێیە.
وتیشی: جگە لەمە بەشێکی تری ئەم ڕێکخستنە بازاڕی شێخاڵاش دەگرێتەوە کەکۆمەڵێک عارەبانە و چەتر لەسەر شەقامەکان دانراون، سیمایەی ناشیرنیان بەبازاڕەکەداوەو تاڕادەیەک ئاستەنگی هاتو چۆش دروست دەکەن، بۆیە ڕێک دەخرێن
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد