دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا - وێنە؛ ئەرشیف
بۆ عەلی خامنەیی
ترەمپ: مۆڵەتی یەک هەفتەمان داوە بە ئێران پرسە بگێڕن
شۆڕش قادری
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، تەنیا یەک هەفتە مۆڵەتیان داوە بە ئێران بۆ پرسە و بەخاکسپاردنی تەرمی خامنەیی.
ترەمپ لە وتارێکدا کە بەبۆنەی 250ـیەمین ساڵیادی سەربەخۆیی ئەمریکا لە ویلایەتی ساوس داکۆتا پێشکەشی ئامادەبووانی کرد، وتی، وەک نیازپاکی مۆڵەتی یەک هەفتەیان داوە بە ئێران کارە سەربازییەکانی رابگرێت و رێوڕەسمەکانی ماڵئاوایی و بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی وڵاتەکەیان ئەنجام بدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی ئێرانی بە تامەزرۆییەوە بەدوای یەکلاییکردنەوەی کێشە سیاسییەکانە لەگەڵ ئەمریکا و چالاکانە بەدوایدا دەگەڕێت.
ترەمپ جارێکی دیکە شەڕی ڤەنزوێلا و ئێرانی هێنایەوە بەرباس و وتی، “بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە رووبەڕووبوونەوەکەمان لەگەڵ ڤەنزوێلا لە یەک رۆژدا چارەسەر کرد و گورزێکی سەختمان لە ئێران دا”.
ئەمڕۆ شەممە 4.7.2026 و دوای زیاتر لە چوار مانگ لە کوژرانی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران بەدەستی ئەمریکا و ئیسرائیل، رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی لە تارانی پایتەخت دەستیپێکرد، بڕیارە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە تەرمەکەی بهێنرێتە عێراق و رۆژی پێنجشەممە لە مەشهەد بەخاک دەسپێردرێت.