"هەرچی ژێرخانی ناوچەکەیە وێرانی دەکەین"
فڕۆکەخانەیەکی ئێران کرایە ئامانج و سوپای پاسدارانیش هەڕەشە دەکات
شۆڕش قادری
هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی باشووری ئێران بەردەوامە و سوپای پاسدارانیش هەڕەشە دەکات و دەڵێت، لە ژێرخانمان بدەن، هەرچی ژێرخانی ناوچەکەیە وێرانی دەکەین.
هاوشێوەی رۆژانی پێشوو، ئەمڕۆش لە بەندەر عەباس و چابەهار و ئەهواز و چەند شارێکی دیکەی ئێران دەنگی تەقینەوە بیسترا، میدیای ئێران بڵاویکردووەتەوە، یەکێک لە هێرشەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی سمنان بووە و هێرشەکە جگە لە زیانی ماددی زیانی گیانی نەبووە.
ئیبراهیم زولفەقاری وتەبێژی قەرارگەی ناوەندی خاتەمولئەنبیا سەربە سوپای پاسداران وەک هۆشدارییەک بۆ ئەمریکا رایگەیاند، “گەرووی هورمز هێڵی سووری ئێمەیە و لە هیچ بارودۆخێکدا رێگە بە ئەمریکا وەک وڵاتێکی بیانیی نادەین دەست لە کاروباری گەرووەکە وەربدات”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەئامانج گرتنی ژێرخانی ئێران سەربگرێت و ئەو کارە بکەن، ئەوا هێزە چەکدارەکانی ئێران بەتوندی لە هەموو ژێرخانی ناوچەکە دەدەن و هیچ شتێکی لێ نایەڵنەوە.
ئەم هەڕەشانەی سوپای پاسداران دوای ئەوە دێت کە شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ لەمەودوا توندتر لە جاران لە ئێران دەدەن و بەمزووانە ئێرانییەکان شکست دەهێنن.
هەر ئەمڕۆش فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ڤیدیۆیەکی تازەی هێرشەکانیانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە هێرشێکی دیکەدا بەرگری ئاسمانی و توانا موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دامەزراوەکانی چاودێری کەناراوەکانیان لە ئێران کردووەتە ئامانج، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە هۆی هەڕەشەکردن لەو دەریاوان و کەشتییانەی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن.