نەتەوە یەکگرتووەکان وا دەڵێت

میانمار؛ لە ژێرئاوکەوتنى دوو بەلەم زیاتر لە 500 کۆچبەر خنکاون

وریا فەتاح

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بەهۆى ژێرئاوکەوتنی دوو بەلەمی گەورە لە نزیک کەناراوەکانی میانمار لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە، مەترسی هەیە زیاتر لە 500 کەس گیانیان لەدەستدابێت.

بەپێى زانیارییەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم دوو بەلەمە لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا لە ویلایەتی راخین لە میانمارەوە بەڕێکەوتوون، کە بەهۆی جەنگەوە وێران بووە. زۆربەی سەرنشینەکانی ناو بەلەمەکان لە کەمینەی موسڵمانی رۆهینگیای ئەو وڵاتە بوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکراى کردووە کە یەکێک لە بەلەمەکان، کە پێدەچێت نزیکەی 250 کەسی تێدابووبێت، ماوەیەکی کورت دوای بەڕێکەوتنی پەیوەندی پێوەی پچڕاوە. هاوکات پێدەچێت بەلەمی دووەم کە بەپێی زانیارییەکان نزیکەی 280 کەسی هەڵگرتبوو، لە 8ـی تەممووزدا لە کەناراوەکانی “ئایەیاوادی” لە میانمار نقوم بووبێت.

نەوتەوە یەکگرتووەکان وتویەتى، “هەرچەندە رووداوەکان و ژمارەی قوربانییەکان هێشتا بە فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەڵام ئێمە بە توندی نیگەرانین لە ئەگەری لەدەستدانی ئەم ژمارە زۆرەی گیانی مرۆڤەکان.”

ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم گەشتانە لە دەرەوەی وەرزی ئاسایی دەریاوانیدا ئەنجامدراون، کە تێیدا دۆخی دەریا بە گشتی مەترسیدارترە، و بارانبارینی بەخوڕ و لافاوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەش مەترسییەکانی زیاتر کردووە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، بەشێک لە سەرنشینەکان لە کەمپە گەورەکانی ناوچەی کۆکس بازار لە بەنگلادیشەوە هاتبوون، کە لەوێدا زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەری رۆهینگیا لە دۆخێکی نالەباردا دەژین.

پەنابەرانی رۆهینگیا ساڵانە بۆ گەڕان بەدوای دۆخی ژیانی باشتردا، گەشتی دەریایی پڕ لە مەترسی ئەنجام دەدەن و بە سواری بەلەمی کۆن و لەکارکەوتوو کە زۆرجار لەلایەن تۆڕەکانی قاچاخچێتییەوە بەڕێوەدەبرێن، گەشت دەکەن.

بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنها لە ساڵی رابردوودا نزیکەی 900 پەنابەری رۆهینگیا لە باکووری زەریای هیندی بێسەروشوێن بوون یان لە دەریادا گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش لە کۆی زیاتر لە 6,500 کەس کە هەوڵی بڕینی ئەم ڕێڕەوە دەریاییە پڕ لە مەترسییەیان دابوو.