دیمه‌نى یه‌كێك له كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان... وێنه: سۆشیاڵ میدیا
نزیكه‌ى 40 پڕۆژه‌ى هه‌يه
به‌شێك له پڕۆژه په‌له‌وه‌رییه‌كانى رواندز روویان له زه‌ره‌ر كردووه
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
كشتوكاڵی رواندز ده‌ڵێت، به‌شێك له‌و پڕۆژه په‌له‌وه‌ریانه‌ى له سنووره‌كه‌یاندا هه‌ن رووبه‌ڕووى زه‌ره‌ر بوونه‌ته‌وه، هۆكارێكیش بێ بازاڕى به‌رهه‌مه‌كانیانه.
پڕۆژه‌كان بریتین له په‌له‌وه‌ر، گۆشتى سوور، ماسی، سه‌وزه و میوه.
پەیام دڵدار سەبری، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی رواندز، به 964ـى وت له سنوورى قه‌زاكه‌یاندا نزیكه‌ى 40 پڕۆژه‌ى جیاجیا هه‌ن، به‌شێكیان له كار وه‌ستاون و ژماره‌یه‌كیشیان بێ مۆڵه‌تن.
وتیشی “35 كێڵگەی پەلەوەری هەن، 30 پڕۆژه‌یان مۆڵه‌تپێدراون و سێ دانه‌شیان به زێده‌ڕۆیی دروستكراون و دووانیشیان له جێبەجێكردندان”.
سه‌باره‌ت به‌و پڕۆژانه‌ى به زێده‌ڕۆ دروستكراون، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه نووسراویان بۆ كردوون و ئێستا له به‌شی پۆلینكردندان.
باس له‌وه‌ش ده‌كات، دوو پڕۆژه‌ى په‌له‌وه‌رى یه‌كێكیان له بێخاڵ و دووه‌میشیان له گوندى كاولۆكان له كار وه‌ستاون، كه ده‌ڵێت “هۆكاری سه‌ره‌كییان زه‌ره‌كردنیان بووه، به‌شێكی هۆكاره‌كانیش بێ بازاڕى بووه”.
“لە ناوچه‌كانى هەوارەكۆن و بەرسیرین دوو پڕۆژه‌ى حه‌وزى ماسی هه‌بوون به‌هۆى بێبازاڕییه‌وه هه‌ر زوو داخراون، “ئه‌مه‌ش قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى كشتو‌كاڵى رواندزه و ئاماژه به پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌ش ده‌كات كه تایبه‌ته به قه‌ڵه‌وكردنى گۆلك له گوندى خه‌لكان، ئه‌ویش به زێڕۆیی دروستكرابوو، به‌ڵام ئێستا مۆڵه‌تى پێدراوه و كار ده‌كات.