بازاڕی ئیسکان دوای رێکخستنەوە دەدرەوشێتەوە – وێنە؛ سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر
لە هەولێری پایتەخت
بازاڕی ئیسکان دوای رێکخستنەوە دەدرەوشێتەوە
شۆڕش قادری
بازاڕە پڕ لە جوڵە و جەنجاڵەکەی هەولێری پایتەخت، ئیسکان، رێکخرایەوە و ئێستا لە جوانیدا دەدرەوشێتەوە.
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر چەند وێنەیەکی ئیسکانی داناوە و نووسیویەتی، دوای بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی وردی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیی یەک بەمەبەستی گۆڕانکاری نوێ و رێکخستنەوە لە بازاڕی ئیسکان هەروەها لە چوارچێوەی گرنگیدانی زیاتر بە سیما و ژینگەی بازاڕە میللییەکان، لەلایەن شارەوانیی یەک بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی، ئەندازەی پارکەکان و ئەندازەی هاتوچۆی هەولێر، گۆڕانکاریی نوێی لە شۆستە و شەقامەکانی بازاری میللی ئیسکان ئەنجامدا.
لەگەڵ ئەو رێکخستنەوەیەدا، تیمە خزمەتگوزارییەکانمان سەدان نەمامیان لە ناو بازاڕەکە چاندووە و شۆستە و شەقامەکانیشیان شۆردووە، هەر ئەوەش نا، تیمی بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی هاتوچۆ، بەجوانی هێڵکارییان بۆ شەقامەکە کردووە.
ئێستا بازاڕی ئیسکان بە روخسارێکی تازە و جوانتر و ژینگەیەکی پاکترەوە دەدرەوشێتەوە و بە درێژایی شەقامەکە جوانییەکی تایبەتی پێبەخشراوە.