نوسینگەی زەیدی: سێ گروپ موشەک و درۆنیان رادەستکرد

“هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێزەکانی لە بنکەی هەولێر دەکێشێتەوە”

ئەحمەد مستەفا

لە کاتێکدا عێراق بەردەوامە لە رێکخستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزە بیانییەکان و کۆنترۆڵکردنی چالاکییە چەکدارییەکان، نوسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێ، هاوپەیمانان ئێستا لە بنکەی هەولێر دەکشێنەوە.

بە قسەی نوسینگەی زەیدی، لەگەڵ کشانەوەی هاوپەیمانان سێ گروپی چەکدار لە ناوخۆی عێراق درۆن و موشەکیان رادەستی دەوڵەت کردووە.

بەپێی ئەو لێدوانەی نوسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ کەناڵی “العربیة/الحدث”ی داوە، لە دوای 30ی ئەیلولەوە بەغدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ پاساوێک بۆ بوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نابێت، ئەمەش لە چوارچێوەی پرۆسەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی و رێکخستنی بوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق دێت.

لە هەمان کاتدا، فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان دەڵێت سوپا کار دەکات بۆ ئەوەی عێراق نەکرێتە بنکەیەک بۆ بەئامانجگرتنی وڵاتانی دراوسێ، و هەموو چالاکییە سەربازییەکان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت.

لە بەشێکی تری لە لێدوانەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سێ گروپی عێراقی چەکی خۆیان رادەستی کردووە، لەوانەش درۆن و مووشەک، کە بەشێکە لە هەنگاوەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک و کۆکردنەوەی هێزی چەکداری لە ژێر دەسەڵاتی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت.

لە هەمان کاتدا، بەپێی ئەو زانیارییەی لە لێدوانەکەدا هاتووە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستی بە پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی لە بنکەی هەولێر لە هەرێمی کوردستان کردووە، ئەم هەنگاوە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئەرکی هاوپەیمانی لە عێراق و گواستنەوە بۆ قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییە سەربازییەکاندا دێت.

لە بابەتی سنوورەکانیشدا، نوسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان باس لەوە دەکات کە سنووری عێراق لەگەڵ سوریا بە تەواوی پارێزراوە، بەڵام سنوورە دوورەدەستەکانی عێراق لەگەڵ ئێران هێشتا پێویستی بە کار و هەنگاوی زیاتر هەیە.