بە هۆی گرانی نرخەکەی وەستابوو

دوای سێ رۆژ دابەشکردنی نەوت لە سلێمانی دەستپێدەکاتەوە

964+

ژووری هەواڵ

دوای سێ رۆژ، بڕیارە سبەینێ دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناو شاری سلێمانی دەستپێبکاتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانیش دەڵێن، بەهۆی بەرزی نرخەکەی راگیرابوو.

ئەمڕۆ دووشەممە 4.12.2023، محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، تا ئێستا ئەو نەوتە نەھاتووە، کە بڕیارە ھەر بەرمیلێکی بە 50 ھەزار دینار بدرێت بە ھاوڵاتیان، لە سبەینێشەوە دابەشکردنی نەوت لە ناو شاردا دەستپێدەکاتەوە.

بە وتەی بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی، هاوڵاتیان هەواڵی هاتنی ئەو نەوتەیان بیستووە، کە گوایە بەرمیلی بە 50 هەزار دیناری پێیان دەدرێت، بۆیە ئەو نەوتە وەرناگرن، کە نرخەکەی 103 هەزار و 500 دینارە.

“تا ئەمڕۆ یەک لیتر لەو نەوتە نەھاتووە، کە بڕیار بوو لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە بڕی 50 ھەزار دینار بدرێتە ھاوڵاتیان، ئەگەر ئەو نەوتەش بێت ئەوا لەسەر بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ناوچە شاخاوییەکاندا دابەش دەکرێت”، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی وا دەڵێن.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، تا ئێستا 151 ملیۆن لیتر نەوتیان دابەشکردووە، لە هەولێر نزیکەی 60 ملیۆن لیتر، لە سلێمانی نزیکەی 59 ملیۆن لیتر و لە پارێزگای دهۆک، نزیکەی 32 ملیۆن لیترە.

لە هەرێم 58%ی خێزانەکان نەوتیان وەرگرتووە

لە هەرێم 58%ی خێزانەکان نەوتیان وەرگرتووە