دیمەن لە ئەرشیفی گردبوونەوەی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی _ وێنە: 964
"سبەی خۆپیشاندان دەکەن"
مامۆستایانی ناڕازی داوای داخستنی بازاڕ و دوکانەکان دەکەن
ئەحمەد مستەفا
مامۆستایانی ناڕازی وتیان، سبەی گەورەترین گردبونەوەی ساڵ دەکەین، داواشیان لە کاسبکاران کرد چەند سەعاتێک دوکانەکان دابخەن و فەرمانبەران بایکۆتی دەوام بکەن.
ئەوان ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2.12.2023، لە سلێمانی لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوا کۆبونەوە و بە رای گشتییان وت، “سبەی گەورەترین گردبوونەوە دەکەن، دەشیانەوێت مامۆستایان، کەسوکاری خوێندکاران، فەرمانبەران و کاسبکاران بەشداری تێدا بکەن”.
تا ئەمڕۆ 80 رۆژ لە پڕۆسەی خوێندن تێپەڕیوە، بەڵام قوتابخانەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین هەر بە نیوەناچڵی دەوامیان تێدا دەکرێت، ئەنجومەنی پەروەردەکان رای وایە بایکۆت بشکێ، بەڵام هێشتا لە بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی ئەو سنوورە دەوام دەستیپێنەکردووە.