راپۆرتێکی شیکاری رۆژنامەی (مەدا)

مۆڵەتەکەی زەیدی 45 رۆژی ماوە؛ ئایا عێراق دەبێتە “چەکی دەوڵەت” یاخود بە “دەوڵەتی چەک” دەمێنێتەوە؟

فەرهاد حەسەن

لە کاتێکدا عێراقییەکان چاوەڕوانی رۆژی 30.9.2026 دەکەن، کە وەک دوایین مۆڵەتی عەلی فالح ئەزەیدی، سەرۆک وەزیران بۆ کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا دیاریکراوە، رۆژنامەی (ئەلمەدا) پەردە لەسەر قەبارەی ئەو تەقەمەنی و چەکانە لادەبات کە لەدەستی گروپە چەکدارەکاندا ماونەتەوە.

ئەو گروپانەی رەتیدەکەنەوە چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت بکەن، خاوەنی جبەخانەیەکی گەورەن کە شەش جۆری سەرەکیی چەک و کەرەستەی سەربازی لەخۆدەگرێت، لەوانە: یەک موشەکی بالیستی، موشەکی جۆری (زولفەقار، فاتح-110، و زلزال” لەخۆدەگرێت کە مەوداکەیان لە نێوان 200 بۆ 700 کیلۆمەتردایە، هەروەها دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کە درۆنی ئێرانین وەک (مۆھاجیر-6، شاھێد-101، 131، و136) کە بۆ کاری سیخوڕی و هێرشی خۆکوژی بەکاردێن.

سێ راجمە و موشەکی کاتیۆشا، بۆ پێکانی بنکە سەربازی و دیپلۆماسییەکان، چوار تۆپخانە و هاوەن و پێنج چەکی دژە تانک و شەش چەکی سووک، قەناس و بۆمبی چێنراو.

ئەم چەکانە لە 12 بنکە و شوێنی جیاوازدا بڵاوکراونەتەوە کە جوگرافیایەکی فراوان لە بەسرەوە تاوەکو نەینەوا دەگرێتەوە.

“جرف سەخر”، کە وەکو مەتەڵە گەورەکەی چەک لە عێراق کێهاتووە، راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ناوچەیە لە باکووری بابلە، گەورەترین و پارێزراوترین مۆڵگەی ئەم چەکانەیە، باس لەوە دەکرێت کە ئەم ناوچەیە تەنانەت بۆ سیاسییەکانی عێراقیش قەدەغەیە و لە ساڵی 2020 دا ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەردانی کردووە، باس لەوە دەکرێت کە چەک و درۆنە ئێرانییەکان لەو ناوچەیەدا کۆکراونەتەوە.

ململانێ لە ناو ماڵی شیعەدا پرسی چەککردنی گروپەکان درزی خستووەتە ناو لایەنە سیاسییەکانی شیعە، لە کاتێکدا زەیدی پێداگری لەسەر سەپاندنی یاسا دەکات، رێکخراوی (بەدر) بە توندی دژی بەکارهێنانی هێزە بۆ لێسەندنەوەی چەک. محەمەد ناجی، بەرپرسی سیاسی بەدر هۆشداری دەدات کە بەکارهێنانی هێز بەرەو “فیتنەی ناوخۆیی”یان دەبات، کە تەنیا ئەمریکا و ئیسرائیل لێی سوودمەند دەبن.

راپۆرتەکە باس لە دوو سیناریۆ دەکات کە لەبەردەم کاتە دیاریکراوەکەی زەیدی  دان، یەکەمیان رێککەوتنی سیاسی و گەیشتن بە چارەسەرێکی هێمنانە کە تێیدا گروپەکان چەکەکانیان رادەست بکەن یاخود بە فەرمی تێکەڵی دەزگا ئەمنییەکان بن. دووەمیشیان پێکدادانی سەربازیم کە کەسایەتییە سیاسییەکان هۆشداری دەدەن ئەگەر کار بگاتە پێکدادان، رەنگە ئەم گروپانە بنکە سەربازییەکان، رادارەکان و تەنانەت فڕۆکە جەنگییەکانی F-16 بکەنە ئامانج، ئەمەش عێراق بەرەو گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتیی مەترسیدار دەبات.

رۆژنامەی (مەدا) باس لە رۆڵی ئێران و وڵاتانی دراوسێ دەکات بەڵام ئاماژە بەوەشدەکات کە ئێستا چاوەکان لەسەر تارانن، دەڵێت ئایا ئێران وەک جارەکانی پێشوو رێگری لە شەڕی “شیعە – شیعە” دەکات؟

باس لە سەردانی قائانی و قالیباف بۆ بەغداد دەکات و وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک کە نە حکومەت بڕوخێت و نە گروپە چەکدارەکانیش بەتەواوی لەناو بچن، چونکە دەڵێت پێشنیارێک هەیە کە “چەکەکان مەکەنە دەست دەوڵەت، بەڵکو تەنیا کۆیانبکەنەوە و کۆگایان بکەن”.

لە بەرانبەریشدا، فشاری سعودیە و وڵاتانی عەرەبی هەیە، بەتایبەت دوای هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییە، کە وایکردووە بەغداد هێزی زیاتر بۆ پاراستنی سنوورەکانی لەگەڵ سعودیە بنێرێت.