یەکێک لە یاریگاکانی شاری سلێمانی. وێنە:964+
نزیکەی 100 کەسی دەوێت
عێراق دەیەوێت پاسەوان بۆ یاریگاکانی هەرێم دابنێت
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
وەک ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی خولی لالیگا لە عێراق، لیژنەی ئەمنیی یاریگاکان لە عێراق دەیانەوێت پاسەوان بۆ یاریگاکانی هەرێمی کوردستان دابنێنن.
هەربۆیە ئەمڕۆ شەممە 2.12.2023، سەردانی هەریەک لە یاریگای سلێمانی، پێشمەرگە و نەورۆزیان کردووە.
لیوا مەحمود ئەبوتمەن سەرۆکی لیژنەی ئەمنی یاریگاکانی عێراق بە 964 وت، دەیانەوێت ئاسایش بۆ سەرجەم یاریگای پارێزگاکان دابینبکەن، لەو نێوەندەشدا بۆ یاریگاکانی هەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی تا ئێستا بوونی نییە.
بەوتەی ئەو بێت، رۆڵی ئەوان پارێزگاریکردنە لە یاریگاکان، دەیانەوێت ئەو بەشەش لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکەنەوە، بەبێ ئەوەی یەکلایبکاتەوە خەڵک دادەمەزرێنرێت یان پۆلیسی ناوخۆیی بۆ دادەنرێت، بەڵام هەر پارێزگایەک بۆ ئەو کارە پێویستی بە نزیکەی 100 کەس هەیە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا