سێ هەفتەیە راسپێردراون بۆ پاککردنەوە
تاڤگەکەی ماوەت زبڵ و خاشاک جوانییەکەی شێواندووە
964+
دیلان محەمەد جەزا
تاڤگەی سەرسول لە قەزای ماوەت جێگەیەکی گەشتیارییە، بەڵام بەهۆی سەردانی گەشتیارانەوە زبڵ و خاشاکێکی زۆر کۆبووەتەوە، قائیمقامی ماوەت دەڵێت، کۆمپانیای تایبەت بە پاکردنەوەمان ئاگادار کردووەتەوە و پاکیان نەکردووەتەوە.
کامەران حەسەن قائیمقامی ماوەت بە 964ـی وت، کۆمپانیایەک تایبەت کراوە بە کاری پاککردنەوەی سنوری قەزای ماوەت، بەڵام بەهۆی پێنەدانی بودجە پێیان کارمەندەکانیان لە 30 کرێکارەوە کەم کردووەتەوە بۆ هەشت کرێکار.
وتیشی، بە هەشت کرێکار بە تەواوی فریای پاککردنەوەی سەرجەم ئەو ناوچەیە ناکەون.
ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی سێ هەفتەیە کۆمپانیای پاککردنەوەکە ئاگادار کراونەتەوە جێگای تاڤگەی سەرسول پاک بکەنەوە، بەڵام تا ئێستا پاکیان نەکردووەتەوە.
تاڤگەی سەرسول دەکەوێتە قەزای ماوەت لە سنوری شارباژێڕ، یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییەکان و چەند ساڵێکە گەشتیاران سەردانی دەکەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی