گەنمی ساڵی رابردوو بەر لە وەرزی دروێنە - وێنە: 964
داوا دەکرێ بڕی وەرگرتن یەکسان بێت
پێشبینی دەکرێ؛ بەرهەمی گەنم زۆربێ و عێراق کەمێکی وەردەگرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی بازرگانی عێراق، تەنیا 292 هەزار تۆن گەنمی دیاریکردووە بۆ جوتیارانی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا ئەمساڵ سەرووی سێ ملیۆن دۆنم زەوی بەگەنم داچێنراوه و ئاستی پێشبینیی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان لە نێوان ملیۆنێک و نیو بۆ دوو ملیۆن تۆن دەبێت.
لیژنەی تایبەتمەند لە هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی وەزارەتی کشتوکاڵ بڕی ئەو گەنمەی بۆ جوتیارانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە لەلایەن حکومەتی عێراق رەتدەکاتەوە.
رەزا رەشید، یەکێکە لە نوێنەرانی جوتیاران لە دەشتی شارەزوور ئەو بە 964ی وت، هەموو ساڵێک پێویستە مافی جوتیارانی هەرێمی کوردستان هەمان ئەو مافە بێت کە بۆ جوتیارانی ناوەراست و خوارووی عێراق فەراهەم کراوە، لە پرۆسەی بەبازاڕکردن و وەرگرتنەوەی گەنم لە سایلۆکان.
ئەوان دەڵێن، ئەو پێوەرانەی کە دانراوە بۆ وەرگرتنەوەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە نازانستی و ناواقیعین، لەبەر ئەوەی لژنەی تایبەتمەند لە هەرێمی کوردستان ناوەرۆکی ئەو پێشنیارەمان رەتکردووە کە دراوەتە هەرێمی کوردستان.
ئەوە لە کاتێکدا هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەسیر داود غەریری، وەزیری بازرگانی عێراق دەستپێکردنی قۆناغێکی دیکەی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ئەو جووتیارانەی ڕاگەیاند کە بەرهەمی گەنمیان بۆ وەرزی چاندنی 2025 رادەستی سایلۆکان کردووە.
بڕی ئەم پارەیە 60 ملیار دینارە و لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتدایە بۆ خێراکردنی پێدانی شایستە داراییەکان و پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ خەرج دەکرێت.