دۆزینەوەی رێگای جێگرەوە
سۆمۆ : نەوتی عێراق لە بەندەری بانیاسەوە دەگاتە ئەوروپا
964+
فەرهاد حەسەن
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) رایگەیاند، دەستکراوە بە بارکردنی نەوتی عێراق لە بەندەری بانیاس و لە وێشەوە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا، کار لەسەر دۆزینەوەی دەروازەی دیکەش کراوە بە مەبەستی زیادکردنی هەناردەی نەوتی عێراق.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی عێراقی عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، دوێنێ پێنجشەممە یەکەم کەشتی نەوتی رەشی عێراق لە بانیاس لە سوریا خاڵی کرابوو و لە دەریای ناوەڕاستدا بارکرا بۆ ئەوەی رێگەی خۆی بەرەو بەکارهێنەرانی ئەوروپی و پاڵاوگە ئەوروپییەکانی ئەو ناوچەیە بدۆزێتەوە.
دەشڵێت “ئەم هەنگاوە زۆر گرنگە بۆ کردنەوەی رێگەیەکی نوێی جێگرەوە بۆ بەبازاڕکردنی نەوت، کە دەتوانرێت بۆ داهاتووش سوودی لێ وەربگیرێت.
جەختیشی کردەوە کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت تەنیا لەم رێکارەدا ناوەستێت، بەڵکو هەوڵێکی زۆر لەلایەن کارمەندانی کۆمپانیاکەوە دەدرێت بۆ گەورەکردن و زیادکردنی هەناردەی نەوتی عێراق، سەرەڕای هەموو ئاستەنگە لۆجستی و تەکنیکی و ئەمنییەکان کە رەنگە ببنە رێگر لەبەردەم ئەم دەستکەوتەدا.