وەزیری دارایی عێراق: نرخی دۆلار بەرانبەر دینار بە جێگیری دەمێنێتەوە

964+
توانا نەقی – هەولێر

لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، نرخی دۆلار هەر بە جێگیری ماوەتەوە و 100 دۆلار بەرانبەرە بە 145 هەزار دینار.

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، لە یاسای بودجەی 2023دا نرخی دۆلار بەرانبەر دینار بە جێگیری دەمێنێتەوە و نرخی یەک دۆلار بەرانبەرە بە هەزار و 450 دینار.

ئەمە لە کاتێکدایە نرخی دۆلار لە بازارەکانی ئاڵوگۆڕی دراو بەرزترە، بە شێوەیەکی ناجێگیر گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بە جۆرێک لە چەند رۆژی رابردوو نرخی 100 دۆلار گەیشتە 159 هەزار دینار.

بانكی ناوه‌ندی عێراقیش دڵنیایی دەدات لە جێگیری نرخەکە و داوا له‌ بازرگانان دەکات سه‌ردانی بانكه‌كان بكه‌ن، خۆیان راسته‌وخۆ دۆلار له‌ بانكه‌كان وه‌ربگرن.

ئەمڕۆ هەینی 30ی کانونی یەکەم، لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان، 100 دۆلار بەرانبەر بە 152 هەزار و 750 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.