بۆ ناوچەکانی خوارووی عێراق دەڕوات
لە هەولێر سەروپێ نرخەکەی گەیشتووەتە 20 هەزار دینار
964+
شیراز عەبدوڵا – هەولێر
لەگەڵ هاتنی زستان، خواست لەسەر خواردن و کڕینی سەروپێی لە بازاڕەکانی هەولێر زیادیکردووە، بەراورد بە دوو هەفتەی رابردوو، هەر سەروپێیەک نرخەکەی لە 14 هەزار دینارەوە بووەتە 20 هەزار، بەمەش بۆ هەر سەروپێیەک شەش هەزار دیناری هاتووەتە سەر.
ئەو سەروپێیانەی لەبازاڕی شێخەڵای هەولێر دەفرۆشێن، سەروپێی کاوڕ، گیسک، بەرخ و بەرانن و خواستی زۆریان لەسەرە.
عەلی قەساب 10ساڵە لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر سەروپێی ئامادەکراو دەفرۆشرێت، بۆ 964 وتی، رۆژانە لە کوشتارگەکانی هەولێر سەروپێ دەهێنرێتە بازاڕ، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی سەروپی کەمی و گرانبوون ئاژەڵە و لەم وەرزەشدا هاوڵاتیان زیاتر دەیخۆن.
بەوتەی بەشێک لە قەسابەکانی بازاڕی شێخەڵای هەولێر، هەفتانە سەروپێ لە هەولێرەوە بۆ شارەکانی سلێمانی، کەرکووک، بەغدا، بەسڕە، دەشتی نەینەوا و زاخۆ دەنێردرێت.
ئەو قەسابانەی قسەمان لەگەڵ کردوون دەڵێن، لەم هەفتەیە سەدان کیلۆ لە ریخۆڵە و سەری گا، سەروپێی جیاواز بۆ بەغدا و بەسڕە و دەشتی نەینەوا نێردراوە.