ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە:

لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆداین بۆ هاوتاکردنی موچەی پێشمەرگە

دیلان محەمەدجەزا – هەولێر

بەختیار محەمەد، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لەئێستادا گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەکرێت بۆ هاوتاکردنی موچەی پێشمەرگە.

بەختیار محەمەد بە 964ـی وت، “ئێمە داواکەمان بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم بەرزکردووەتەوە و وەفدی دانوستانکاری هەرێمیش لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆدایە بۆ هاوتاکردنی موچەی پێشمەرگە وەک هێزە ئەمنییەکانی عێراق.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەش قسەی کرد و وتی: ئەو پڕۆسەیە سێ قۆناغە، رێکخستنەوە و یەکخستنەوە تەواو بووە، قۆناغی سێیەمیش قۆناغی بەتواناکردنی هێزەکانی پێشمەرگەیە لە هەموو بوارەکاندا وەک مەشق، دابینکردنی بودجەی شایستە و کاری هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی فیدڕاڵ کە قۆناغێکی سەختە.

پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا