تیمەکانیان ئامادەن

کارەبای سلێمانی پلانی رووبەڕووبوونەوەی هەرپێشهاتێکی دانا

پێشەوا محەمەد

بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی پلانی رووبەڕووبوونەوەی هەرپێشهاتێکی لە وەرزی زستاندا داناوە و دەڵێت، هەوڵ دەدەن باشترین خزمەت بە دانیشتوانی سلێمانی بکەن.

چەند رۆژێکە بەڕێوەبەرایەتی و بەشە جیاوازەکانی کارەبای سلێمانی لە کۆبوونەوەدان و پلانیان بۆ ئەم زستانە داناوە، بەتایبەت کە دەوترێت زستانێکی پڕ باران دەبێت.

“پلانەکە ئەوەیە بە تایبەت تیمەکانی چاککردنەوە و دابەشکردنی کارەبا ئامادە بن تا هەرپێشهاتێک روویدا راستەوخۆ بگەنە سەر شوێنەکە و بە زووترین کات هەوڵی چاککردنەوەی بدرێت و کارەبا بۆ هاوڵاتیان بگەڕێندرێتەوە”، ئەوە قسەی سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانییە بۆ 964.

وتیشی، “لە زستاناندا بەهۆی باران و ئەو کەشوهەوایەی زستان دەیخوڵقێنێت شۆرتی زۆر روو دەدات و رەنگە رووداوی دیکەی وەک رووداوەکانی هاتوچۆ و پچڕانی سیمەکانی کارەباش ببنە هۆکاری بڕانی کارەبا، بۆیە پلانی رووبەڕووبوونەوە داندراوە”.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 560 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن.