سێ دیمه‌نى جیا له پڕۆژه‌كه‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌ى كۆڕێ... وێنه: ئاوى ده‌وروبه‌رى هه‌ولێر
چیان بۆ کرا؟
400 ماڵى شارۆچكه‌ى كۆڕێ بوونه خاوه‌ن ئاوى خۆیان
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له شارۆچكه‌ى كۆڕى پڕۆژه‌ى راكێشانى بۆرییه‌كى ئاو 400 ماڵى كرده خاوه‌ن ئاوى خواردنه‌وه‌ی خۆیان، كه پێشتر كێشه‌ى ئاویان هه‌بوو.
پڕۆژه‌كه له رۆژى 1.10.2023 ده‌ستیپێكراوه و لەلایەن ستافی ئەندازیاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری هەولێر جێبه‌جێكرا.
رێزان سه‌عدی عه‌زیز، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوى ده‌وروبه‌رى هه‌ولێر، به 964ـى وت، پڕۆژه‌كه‌ى كۆڕى بریتی بوو له راکێشانی بۆری ئاوی خواردنەوە لە گەڕەکی باخچان و تۆڕی ئاوی شارۆچکەی کۆڕێ .
وتیشی “لەسەر بودجەی تایبەت به بڕى 99 ملیۆن و 139 هه‌زار دینار جێبه‌جێكراوه”.
سه‌باره‌ت به پێكهاته‌ى پڕۆژه‌كه‌ش ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، پڕۆژەکە پێکهاتبوو لە بڕینی قیر، دابینکردن و بەستانی بۆری پۆلی ئەپیلین بە تیرەی جیاواز و کۆنکرێتکردنەوەی رێڕەوی بۆری.
“ئێستا پڕۆژەکە کۆتایی پێهاتووە و به‌وهۆیه‌وه 400 ماڵ سوودمەندی پڕۆژەکەن” ئه‌وه‌ش قسه‌ى رێزان سه‌عدیه بۆ 964.
پێشتریش 964 به‌داوداچوونى بۆ كێشه‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌ى شارۆچكه‌ى كۆڕێ كردبوو، ده‌ركه‌وت سێ پڕۆژه بۆ ئه‌و شارۆچكه‌یه ده‌رچووه، به‌ڵام به‌هۆى نه‌بوونى بودجه كاری پڕۆژه‌یه‌كیان وه‌ستاوه، كه ئێستا ته‌واو كرا.