پێوەری زیرەکی کارەبا گەیشتە عێراق

بە مۆبایلەکەت دەزانی چەندت کارەبا بەکارهێناوە و هەر بە مۆبایلیش پارە دەدەیت

964+

ژووری هەواڵ

وەزارەتی کارەبای عێراق بڕیاریداوە وردە وردە پێوەری زیرەکی کارەبا لە هەموو شارو شارۆچکەکان بخاتە گەڕ، بەڵام پێوەرەکەی ئەوێ لەوەی خۆمان جیاوازەو هەموو شتێک بە مۆبایلەکەی دەستت دەکرێت.

ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند ئەو پێوەرە زیرەکەی لە عێراق قەول وایە کاری پێبکرێت هەمووی لەسەر مۆبایلە، خەڵک هەر بە مۆبایل دەزانێ چەندی کارەبا سەرفکردووەو هەر بە مۆبایلەکەشی پارە دەدات، ئەگەر ئەمە سەربگرێت کارەبا دەبێتە 24 کاتژمێر.

چەند ساڵێک پێوەری زیرەکی کارەبا لە هەرێمی کوردستان خراوەتە کار، بەڵام پێوەرەکە بۆ کۆنترۆلی ئاستی بەکارهێنانی کارەبایە، ئەگەرنا خەڵک وەک جاران سوودی لێدەبینێت و شێوازی پارەدانیش هەر وەک خۆیەتی، بەڵام لەهەندێ لەیەکە نیشتەجێبووەکان کارەبا کراوەتە 24 کاتژمێری، هەرچەندە خەڵک گلەییان لە گرانی نرخەکەی هەیە.

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت ”ئەگەر ئەم سیستەمە نەخاینە کار بە هیچ شێوەیەک کارەبامان بۆ کۆنترۆڵ ناکرێت، هەرچەند بەرهەم بهێنین سوودی نییە”.

ئەم سیستەمە بۆ یەکەمجار لە 10 ناوچەی عێراق ئەزموون دەکرێت، چواریان لە بەغدا و شەشیان لە ناوچەکانی ترە، دوو رۆژی داهاتوو ناوی هەموو ناوچەکان رادەگەیەندرێت.