"لەدوای شکستی عوسمانی دەوڵەتەکە پێویست بوو"
رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی کورد بە شایەنی خاوەن دەوڵەت دەزانێت
فەرهاد حەسەن
رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بابەتێکی شیکاری لەبارەی رەوشی کورد و سیاسەتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاواش لە بەرانبەر کورددا دەخاتەڕوو و دەڵێت: وڵاتانی ئەوروپا گرنگیی بە جینۆسایدکردنی کورد نادەن.
دەیڤد هاریس جێگری سەرۆکی پەیمانگای لێکۆڵینەوە لە ئەنتی- سێمێتیزم (دژە-جولەکە)ـی جیهانی بابەتەکەی نووسیوە، تیایدا لەبارەی رەوشی کورد لە ناوچەکە و پرسی ناساندنی تەواو ئەو جینۆسایدانەی لە بەرانبەری کراوە، دەخاتەڕوو و دەڵێت “کورد زیاتر لە هەر نەتەوەیەکی دیکە تاوانی جەنگی بەرامبەر کراوە بەڵام بەرەسمی ناناسێندرێت”.
هاریس ئەوەش دەخاتەڕوو، سەرباری ئەوەی لە سەدەی رابردوودا ئیمپراتۆریەتی عوسمانی شکستی هێنا و دەکرا لەلایەن هێزە هاوپەیمانەکانەوە دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێنرێت و رێگەکە لە پەیماننامەی “سیڤەر”ـی ساڵی 1920 بگیرێت، بەڵام ئەو کارە نەکرا و پێچەوانەکەشی بیندرا، کە کورد بەتەوەیی پشتگوێخراوە.
لێکۆڵەرە جولەکەکە باسی دۆخی هەرێمی کوردستان دەکات لەکاتی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و دەڵێت “بۆچی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کاتێک شەڕی داعشیان هەبوو، کوردیان وەک سەرەکیترین هاوپەیمان دەناساند و لە شەڕی ئەمریکا و ئێرانیشدا، بەردەوام زۆری لێدەکرا جۆرێک لە لایەنگری بکات، بەڵام کاتێک کاریان پێی نامێنێت و ویست و خواستەکانیان بەدیدەهێنن، ئیتر پشتدەکەنە کورد و هەر لەبەر ئەو هۆیەشە کە وێردی سەر زمانی کورد لە ئێستادا ئەمەیە: “هیچ دۆستێکمان نییە جگە لە چیاکان.