کارکردن لە دەریاچەیەکی پارکی ئازادیدا - وێنە: شارەوانی سلێمانی
دەریاچەکە دەبوژێتەوە
دەریاچەکەی پارکی ئازادی بۆ گلدانەوەی باراناو پاکدەکرێتەوە
ژووری هەواڵ
حەوزە فراوانەکەی پارکی ئازادی وشکی کردووە، بەڵام شارەوانیی سلێمانی دەیەوێت بیبوژێنێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە دەستیکردووە بە پاککردنەوەی حەوزەکە و خۆڵ خاشاکەکانی فڕێدەدات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26.11.2023، زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری شارەوانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، دەریاچەی دروستکراوی دووەمی ناو پارکی ئازادی وەک ئامادەکاری بۆ گلدانەوەی ئاوی کارێز و باراناوی وەرزی پایز و زستان، پاکدەکرێتەوە.
وتیشی، پاککردنەوەی دەریاچەکە، یەکێکە لە قۆناغەکانی نۆژەنکردنەوەی پارکی ئازادی، کە بە هەشت قۆناغ جێبەجێ دەکرێت.
بە پێی زانیارییەکانی 964، تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی پارکی ئازادی ساڵێکی دیکەی پێویست دەبێت و لە دەستپێکی نۆژەنکردنەوەکەدا دوو ملیار دیناری بۆ تەرخانکرا.
پارکی ئازادی لە سلێمانی رووبەرەکەی 176 دۆنمە، بە هەشت قۆناغ نۆژەن دەکرێتەوە و دوو ملیار دیناری بۆ دابین کراوە.
لە پارکی ئازادیدا دوو دەریاچە هەیە، بە مەبەستی جوانی و ئاودێری بەکاردێن، بەڵام هەردووکیان بە تەواوەتی وشکیان کردووە.