دامەزراوەی ساڵ: لە ئاهەنگەکەی هەواری شاری تەقەنەکراوە و کەس بریندار نەبووە

964+

پەری ساڵح

دەنگۆی تەقەکردن لە ئاهەنگەکەی سلێمانی رەتکرایەوە و “دامەزراوەی ساڵ” کە رێکخەری ئاهەنگەکەن رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی کێشە لەلایەن چەند ئاژاوەگێڕێکەوە، بۆ پاراستنی سەلامەتیی گشتی ئاهەنگەکەیان راگرتووە و لە داهاتوودا لە کاتێکی تردا دووبارەی دەکەنەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراویی دامەزراوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026 بڵاوکراوەتەوە، ئاهەنگەکە بە مەبەستی رەخساندنی کەشێکی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان و میوانانی شارەکە بە “خۆڕایی” رێکخرابوو، داتاکانی ئیدارەی شوێنەکە و وێنە و ڤیدیۆکانیش دەریانخستووە کە نزیکەی 10 هەزار کەس ئامادەی ئاهەنگەکە بوون.

سەبارەت بە هۆکاری تەواونەکردنی بەرنامەی ئاهەنگەکە، دامەزراوەکە رایگەیاندووە: “بەداخەوە لە بەشی یەکەمی ئاهەنگەکەدا، ژمارەیەک کەسی ئاژاوەگێڕ هەوڵی تێکدانی کەشوهەوای ئاهەنگەکەیان دا، لەبەر ئەوەش بە بڕیاری خۆمان ئاهەنگەکەمان ڕاگرت.”

دەشڵێت، سەرجەم ئەو هەواڵانە بە درۆ دەخەینەوە کە باس لە رووداوی تەقەکردن دەکەن و هیچ کەسێکیش بریندار نەبووە. ئەو دەنگۆیانە بەتەواوی رەت دەکەینەوە و بە هەوڵێکی ناڕەوای دەزانین بۆ شێواندنی ناوبانگی شاری سلێمانی.

له‌ كۆتاییدا، دامەزراوەی ساڵ ئاشکرای کردووە کە بڕیاریان داوە لە کات و شوێنێکی گونجاوی تردا هەمان ئاهەنگ دووبارە ئەنجام بدەنەوە.