سنوورەکانی پشدەر و برادۆست بۆردومان کران

محەمەد عەلی

کەمێک پێش ئێستا لەلایەن چەند فرۆکەیەکی جەنگییەوە بۆردومانی بناری قەندیل لە سنوری قەزای پشدەر و چیای برادۆست لە سۆران کرا.

پەیامنێرانی 964 لەو سنوورانە ئاماژەیان بەوەکرد، کە بە فڕۆکە بۆردومانی چەند گوندێک لەو ناوچانە کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست 964 کەوتووە ،بۆردومانی سنوری برادۆست لە چیاکانی گەروی سنین، تارستا و لۆلان بووە وشوێنەکان چۆڵەوانین و نزیکەی 40 خولەک بۆردومانەکە بەردەوام بووە.

دڵشێر ئیبراهیم، هاوسەرۆكی شارەوانی بناری قەندیل بە 964ـى وت، لە سنوری پشدەر و بناری قەندیل، ئەمشەو لەلایەن چەند فڕۆكەیەكی جەنگییەوە لە بناری قەندیل و پشدەردا هەریەکە لە گوندەکانی بۆکریسکان و دەوروبەری، بۆڵێ و زێڕنەکێو، بۆردومان كراون و تاوەكو كاتژمێر 9:30 ئەمشەویش دەنگی فڕۆكەكان لەو سنوورە بیستراون.

عەبدولا عەباس بەڕێوەبەری ناحیەی ژاراوە بە 964ـی وت، ئەم شەو کاتژمێر 7:50خولەک، فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی بناری قەدیلی کرد، لەنێوان سورەگلە و پردی حەسۆی داوە و نزیک رێگایە ئەو شوێنە هەروەها لەپشت گوندی توتمەشی داوە.