باران پێگەشتنى دواخستووە

زەرەر لە خورما ناکەن؛ خراپ بوو بیکەن بە دۆشاو

سیروان خورشید -ْخورماتوو

​ئەمساڵ بەرهەمی خورما لە قەزای خورماتوو جیاوازە لە ساڵانی رابردوو بەهۆی کەمبوونی ماوەی وەرزی گەرما و درەنگ کۆتاییهاتنی شێی زستان بەشێکی زۆری جۆرەکانی خورما تاوەکو ئێستا پێنەگەیشتوون.

​ئەرکان خەلیل، جوتیار و باخەوان لە سنووری خورماتووە، بۆ مایکی 964 قسەی کردووە و دەڵێت،” باخەکەم 200 دار و 13 جۆری جیاوازی خورمای تێدایە بە تام و ڕەنگی جۆراوجۆرەوە، لەوانەش “بەرحی، برێم، خەستاوی، زوهدی، قەسپ، حەلەوە” و چەند جۆرێکی تر.

دەشڵێت، خورما پێویستی بە گەرمایەکی باش هەیە، کەچی ئەمساڵ شێی زستان درەنگ لە ناوچەکاندا کۆتایی هات و وەرزی گەرماکەش لە چاو ساڵانی تر کەمتر بوو، سەرەڕای ئەمانەش، بڵاوبونەوەی جۆرە نەخۆشییەک لە دارخورماکاندا زیانی تری گەیاندووە و هۆکار بووە بۆ ئەوەی بەشێکی زۆری بەرهەمەکە نەگاتە قۆناغی پێگەیشتن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ​ئەم دۆخە کەشوهەواییە و نەخۆشییەکان بوونەتە ئاستەنگ لە بەردەم پێگەیشتنی تەواوی بەرهەمی باخەکان و نیگەرانیی قووڵی لای باخەوانانی ناوچەکە دروست کردووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح