کارمەندێکی دەزگای مین لەکاتی هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی. وێنە:964+
ئەمساڵ بەهۆی مین چوار کەس گیانیانلەدەستداوە
دوای 30 ساڵ هێشتا %32ی رووبەری زەوی پێنجوێن لە مین پاککراوەتەوە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
هەڵکەوتەی پێنجوێن وایە دەکەوێتە نێوان سنوری عێراق و ئێران، لە رابردوودا حکومەتی بەعس دەستی نەپاراستووە لە چاندنی مین و تەقەمەنی، راست و چەپ زەوی ئەو ناوەیان مینڕێژکردووە، بەپێی ئاماری دەزگای مین لە سلێمانی تا ئێستا تەنیا %32ی رووبەری زەوی پێنجوێن لە مین پاککراوەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای مین، ئەو رووبەرەی لە پێنجوێن مینڕێژکراوە 58 ملیۆن و 366 هەزار و 665 مەتر دووجا دەبێت، بەڵام لەم رووبەرە تەنیا 18 ملیۆن و 103 هەزار و 120 مەتر دووجا بە تەواوی پاککراوەتەوە.
جەمال عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی دەزگای مینی سلێمانی بە وەکالەت بە 964ی راگەیاند، لەساڵی 1992-ەوە رۆژانە کارکردن لە پاککردنەوەی ئەو زەویانە بەردەوامە، تاوەکو ئێستا 30 هەزار مینی دژە کەسی و 635 مینی دژە تانک لە سنوری قەزای پێنجوێن هەڵگیراونەتەوە و لەناو براون.
ئەو پرۆسەیە بێ زیانی گیانی تێنەپەڕیووە، لەو ناوچەیە هەزار و 21 کەس بەهۆی مینەوە گیانیانلەدەستداوە، 128 کەسیش بریندارن، هەر ئەمساڵ چوار کەس گیانیانلەدەستداوە.
جەمال عەبدوڵا دەڵێت، ساڵانە لەم وەرزە دەستدەکەین بە لەناوبردنی مین و تەقەمەنییەکان، بەڵام بۆ ئەمساڵ هێشتا دیار نییە کەی ئەم پرۆسەیە دەستپێدەکات.
سەبارەت بە لەناوبردنی مینە کۆکراوەکان جەمال عەبدوڵا ئەوەی خستەڕوو کە ساڵانە لەم کاتانەدا دەست دەکەن بە لەناوبردنی مین و تەقەمەنییەکان و بەڵام بەهۆی کەش و هەواوە دیار نیە کەی مینە کۆکراوەکان لەناو دەبەن.
ئاگرەکەی پێنجوێن زیاتر لە 100 مینی تەقاندووەتەوە
بەوتەی نەوزاد عەلی بەڕێوەبەری چالاکیەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای مینی سلێمانی کە بۆ 964 قسەیکردووە، لە چوار ناوچەی قەزاکە ئیشیان کردووە ئەوانیش ملەکەوە، گۆڕستانەکەی پێنجوێن، کانی گۆیژ و زەویەکی کشتوکاڵی کە بە ناوچەی شەڕگا دەناسرێت، بەکۆی گشتی ئەمساڵ 69 هەزار و 750 مەتر زەویان لە مین و تەقەمەنی پاککردوەتەوە.
نەوزاد عەلی وتیشی، “تەنیا لە گۆڕستانەکەی پێنجوێن 798 پارچە مینی کڵپەداری دژەکەسی و پارچەداریان کۆکردوەتەوە و لە کانی گۆیژیش 330 پارچە مین کۆکراونەتەوە و بەمەش لەمساڵدا بەکۆی گشتی هەزار و 128 پارچە مین کۆکراونەتەوە لە قەزای پێنجوێن”.
13 ملیۆن مەتر دووجا زەوی پێنجوێن بە مین چێندراوە
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی