لەسەر رووشاندنی تونێلی دەربەندیخان دەدرێتە دادگا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

بەهۆی ئەوەی بەناو تونێلی دەربەندیخاندا تێپەڕیوە و دیواری تونێلەکەی روشاندووە، هاتوچۆی دەربەندیخان شۆفێرێک دەداتە دادگا و دەست بەسەر بارهەڵگرەکەشیدا دەگرێت.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی دەربەندیخان ئەمڕۆ لە پەیجی خۆی لە فەیسبوک ڤیدیۆیەکی ناو تونێلی دەربەندیخانی بڵاوکردووەتەوە و وەک لە ڤیدیۆکە دەردەکەوێت بەشێک لە دیواری تونێلەکە رووشاوە و دەڵێت، سەبەبکار دەدرێتە دادگا و دەست بەسەر بارهەڵگرەکەشیدا گیراوە.

شۆفێری بارهەڵگرەکە سکراب و ئاسنی بارکردووە، شەوی رابردوو بەبێ نوێکردنەوەی کۆنتێنەری بارهەڵگرەکەی بەناو تونێلی دەربەندیخاندا تێپەڕیوە و لاکانی تونێلەکەی خراپ کردووە.

“کۆنتێنەرەکانی گواستنەوەی ئاسن و سکراب دەبێت کۆنتێنەرەکانیان نوێ بکەنەوە و قەدەغەمان کردن بەناو تونێلدا تێپەڕن، هەندێکیان پابەند نابن و لە کاتەکانی درەنگانی شەو بەناو تونێلدا تێدەپەڕن بەتایبەت لەکاتی گەڕانەوەیاندا بە بەتاڵی،” هاتوچۆی دەربەندیخان وا دەڵێت.

لە رۆژی 25ی کانونی یەکەمەوە، شۆفێری ئەو بارهەڵگرانەی بارەکەیان ئاسنە ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت لە ماوەی 11 رۆژدا کۆنتێنەرە تێکشکاوەکانیان نوێ بکەنەوە، بەپێچەوانەوە رێگەیان پێنادرێت بەناو تونێلی دەربەندیخاندا تێپەڕ ببن.

مۆڵەتەکە بۆ ئەو بارهەڵگرانەیە کە قەبارەی کۆنتێنەرەکانیان لە ستاندارد دەرچووە و تەنیشتەکانیان تا مەترێک زیاتریش لە هەیکەلی بارهەڵگرەکە هاتوونەتە دەرەوە.