چەندین بەرهەمی کوردەواری تیادایە
بازاڕچەی هەورامان لە خورماڵ کرایەوە
964+
محەمەد عومەر-هەورامان
لە هەورامان بازاڕچەیەکی هەفتانە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان کرایەوە و بڕیاریشە تا کۆتایی پاییز بەردەوام بێت.
بازاڕەکە لەسەر رێگای خورماڵ – ئەحمەد ئاوا دەبێت و 80 کەپری جۆراوجۆر لە بابەتەکانی گوێز، هەنار، خواردنە کوردەوارییەکان و کاری دەستی لە خۆدەگرێت.
هەفتە بازاڕەکە جۆرێکی بازاڕە کە واباوە فرۆشگاکانی لە چادر و کەپر و کۆشکی بچووک دروست دەکرێن و هەندیکجار کاتییە و هەندێک جاریش هەمیشەیی.
ئەمین حاجی زەڵمی خاوەنی بیرۆکەی بازاڕچەکە بە 964ی وت: بە باشمان زانی کلتوری کردنەوەی بازاڕ لە رۆژانی کۆتایی هەفتەدا کە لە زۆربەی وڵاتان هەیە، لە خورماڵیش جێبەجێ بکەین تا بەرهەمی ناوچەکە ساغبکرێتەوەو چەندین کەسیش بکەونە سەر کار.
964 زانیویەتی ئەوبەرهەمانەی لە بازاڕەکەدا دەفرۆشرێن لە هەردوو هەورامانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە هەورامانی تەخت و سەختیش ناودەبرێن، دەهێنرێن، بڕیاریشە بازاڕەکە رۆژانی پێنج شەممە، هەینی و شەممەی هەموو هەفتەیەک تا کۆتایی ئەم وەرزە بەردەوامی پێ بدرێت.